بەڵگینە (استشهاد) بریتییە لە پێدانی زانیاری تایبەت بە موڵک لە چوارچێوەی دەقی داواکاری بۆ لایەنی فەرمی یان دادگا یان خاوەنی موڵکەکە، کە داوا دەکات یان هەر کەسێک دوای ئەوەی، کە هۆکاری بەجێ پێشکەشی فەرمانگە دەکات.
تۆمارکردنی بارمتەی دەستداری (الرهن الحیازی) تۆمارکردنی گرێبەستێکە لە نێوان خاوەن قەرز و قەرزدار، بە دانانی موڵکی قەرزدار لە ژێر بارمتە، بەو مەرجەی موڵکەکە بخاتە ژێر دەستی خاوەن قەرز یان دەستێکی باوەڕپێکراو (ید عدل)، بە مەرجێک ناوی ئەو کەسە لە تۆماری هەمیشەییەکە و مامەڵەکە تۆمارکرابێت. ئەم گرێبەستە بە ڕەزامەندی و دانپێدانانی (اقرار) هەردوو لایەن ئەنجامدەدرێت.
تۆمارکردنی خۆماڵەکردن (تسجیل الاستملاك) موڵکی تایبەتە، حکومەت دەیگۆڕێت بۆ موڵکی گشتی، بە ناوی دامەزراوەیەکی حکومییەوە تۆماری دەکات و قەرەبووی خاوەنەکەی دەکاتەوە، حکومەت موڵکەکە بۆ خزمەتی گشتی بەکاردەهێنێت، یان موڵکی گشتییە و لە ڕێگای خۆماڵەکردنی کارگێڕییەوە، خاوەنداریەتییەکەی لەسەر ناوی دامەزراوەیەکی حکومییەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر ناوی دامەزراوەیەکی تری حکومی، بە ڕەزامەندیی هەردوو لایەن.
یەکخستنی موڵک (توحید العقار) بریتییە لە یەکخستنی دوو (٢) پارچە زەوی یان زیاتر بۆ ئەوەى بکرێنە یەک (١) پارچەی گەورەتر و یەک (١) ژمارە وەربگرێت.
لە جیاتی دانان (الاستنابة) فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی تایبەتمەند بۆی هەیە فەرمانگەیەک لە فەرمانگەکانى تۆمارکردنى خانووبەرە لە جیاتی خۆی ڕابسپێرێت، تۆماری گرێبەستێک بکات لە سەر داخوازیی لایەنێکی گرێبەستەکە، واتە تەواوکردنی کڕین و فرۆشتنی موڵک لە نێوان دوو فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەمان شار یان دوو شاری جیاواز، یەکێکیان لە جیاتی ئەوەی تر مامەڵەکە تەواودەکات.
بەدەستهێنانی وێنەی تۆماری موڵک بەڵگەنامەیەکە لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان و تێبینەرایەتییەکان دەردەچێت بە گوێرەی تۆماری هەمیشەیی، دوای ئەوەی تۆمارکردنەکە پلەی کۆتایی وەردەگرێت، دواتر دەدرێت بە خاوەن موڵک، کە هاوچەشنە لەگەڵ تۆمارە هەمیشەییەکەی.
تۆمارکردنی گۆڕینەوەی موڵک (تسجیل مبادلة العقارات) گۆڕینەوەی موڵکێکە بە موڵکێکی تر بەپێی گرێبەستێکی ڕەزامەندانەی دوو لایەنە بۆ گۆڕینەوەی موڵکێک بە موڵکێکی تر، جیاوازی لەگەڵ فرۆشتنی موڵک ئەوەیە؛ لایەنەکانی گرێبەستەکە موڵکەکانیان دەگۆڕنەوە، بەڵام لە فرۆشتنی موڵکدا، فرۆشیار موڵکەکەی بە پارە دەفرۆشێت.
تۆمارکردنی گرێبەستی فرۆشتنی موڵک تۆمارکردنی گرێبەستێکە کە لە نێوان فرۆشیار و کڕیاری موڵکێک ئەنجام دەدرێت، بە پێی گرێبەستەکە، فرۆشیار موڵکی خۆی بە کڕیار دەفرۆشێت، شێوەی یاسایی وەردەگرێت و گرێبەستەکە لە فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە تۆماردەکرێت، دوای وەرگرتنی دان پێدانانی هەردوو لایەن.
تۆمارکردنی گواستنەوە و میرات (تسجیل الانتقال و الارث) گواستنەوەی خاوەندارێتییەکی موڵکێکی پوختە (ملك صرف) یان گواستنەوەی مافی ڕەفتارکردنە لە زەوی کشتوکاڵی لە کەسی کۆچکردووەوە بۆ میراتگرەکانی، بەپێی دابەشنامەی شەرعی یان یاسایی.
چەسپاندنی سنوور (تثبيت الحدود) هەر موڵکێک سنووری تایبەت بەخۆی هەیە، پێویستە ئەم سنوورە بە فەرمی بچەسپێنرێت و دیاریبکرێت.